۱۳۹۴ فروردین ۲۳, یکشنبه

خانم تلۆعی، سێلێنا خانم، برازای شیرینم، بەخێرهاتی بۆ دنیا.

خانم تلۆعی، سێلێنا خانم، برازای شیرینم، بەخێرهاتی بۆ دنیا. 
وێنەی جوانت هەر لە ئیستاوە خاتوونێکی جیدیم نیشان دەدا بە دەستێکی راسان و مشتێکی گرێ کراو،  وەک بلێی هەر لە ئیستاوە دەزانی پێت ناوەتە جیهانێک و ناوچەیەک پراوپر لە نابەرابەری، بە تایبەت نابەرابەری جنسییەتی. پێم وایە دەزانی ناچاری بۆ سەرەکی ترین مافەکانت تێبکۆشی. 
هیوادارم جیلی تۆ ئازارەکانی جیلی منی نەبێ. دەزانم هیوایەکی زۆر خۆشبینانە و خەیالییە. دەی باشە، کەواتە دەلێم هیوادارم جیلی تۆ ئازارەکانی زۆر لە جیلی من کەمتر بێ. 
ئازیزەکەم جادەی ژیانی ژن لە ناوچەکەی ئێمە پڕ بوو لە دڕک و گابەرد... 
کاتێک پوورە رۆیات مندال بوو لەبیری دێ:
ژنێکی جوان بوو پێیان دەوت سەیزایە خانم. سەیزایە خانم بێوەژن بوو. بێوەژنێکی جوان و خۆشروو و خاوەن دوو مندال. بۆ بەخێو کردنیان دەمووچاوی ژنانی هەلدەگرت. داخی فەقیری و هەژاریەکەی لەولاوە بێستێت، لەملاوە تەنیا بە تاوانی خۆشروویی هەزاران قسە و قسەلۆکیان بۆ ساز دەکرد. سەیزایەی بالابەرزی خۆشروو کاتێک دەمووچاوی ژنانی خزمی هەلدەگرت، بە هێواشی شتهایەکی لە قسەی خەلک دەگێراوە و ئاخی هەلدەکێشا و فرمێسکی چاوی دەسریەوە. پوورە رۆیات مندال بوو. نەیدەزانی ئەو قسانە دەقیقەن یانی چی بەلام دەیدی سەیزایە بالابەرز و خۆشرووەکە زۆر جار دەگریا. پوورت دوایە گەورەتر بوو زانی خۆشروویی ژن جۆرم و تاوانە...
ئەختەر ژنێکی گەنج و بێباک بوو. هەرکات خەرامان خەرامان لە خیابانی بیمارستاندا بە پیاسە رەد دەبوو، هەر ساحەب دووکان بوو سەفیان کێشابوو، ملیان رادەکێشا و چاویان دەردەپەری تا تەواوی هەیکەلی بە چاویان بپێون. رۆژێک ئەختەر بوو بە نەقلی بانە. تا ماویکی زۆر قسەی پێدەوترا و موحاکیمە دەکرا. ئاخر ئەختەر بە خۆی ئیجازەی دابوو لە خیابان لەبەر چاوی پیاواندا ساندویچێک بکرێ و بیخوات! دوایە پوورە رۆیات گەورەتر بوو زانی ساندویچ خواردنیش بۆ ژن جورم و تاوانە...
باوەگەورەت پیاوێکی بەراستی رۆشنبیر بوو. زیاتر لە ٤٠ سال لەمەوبەر کە تەنانەت ماشینیش لە بانە کەم بوو، تەنیا سێ مندال لە بانە دووچەرخەیان بوو. پوورت و دووکور. پوورە رۆیات لە لای دایک و باوک بە بێ جیاوازی نێوان کچ و کور بارهاتبوو. لەگەل مندالە کورەکان  موسابیقەی دووچەرخە سواریان دادەنا و زۆربەی کات لێیانی دەبردەوە. ئەو کاتانەی ئازاد و رەها لەو سورعەتەدا بە دووچەرخەکەیەوە دەتوت هەلدەفرێ، نەیدەزانی مانای نیگای تیژی کچە دراوسێ چییە. کچە دراوسێ رۆژێک بانگی کرد و پرسیارێکی لێ کرد. هێشتا پوورت نەیدەزانی مانای ئەو پرسیارە چیە. چوو بە دایە نۆشێی وت. لە هەڵچوونی دایە نۆشێ و چوونە سەر مالی دراوسێ زانی هەر چی هەیە زۆر ناخۆشە. پوورە رۆیات عاشقی دووچەرخە بوو و رانەوەستا بەلام دوایە کە گەورە بوو مانای پرسیارەکەی زانی و تێگەیشت دووچەرخە سواری لەگەل کوران بۆ کچێکی ۷-۸ سالە جورم بوە. جورمێکی زۆر گەورە...
پوورە رۆیات لەبیری دێ ژنێکی گەنج بە خۆی ئیجازەی دابوو چەن جار سوار تاکسیەک بێت و بچێت بۆ کتێبخانەی گەرەکی سەروو کتێب وەرگرێ. دوای ماوەیەک لە لایەن مێردی دلپیسیەوە بە تاوانی سوار تاکسی بوون گومانی خەیانەتی سەرخرا و تا پای بەردباران چوو. هەرچەن لە کۆتاییدا بێگوناهی ئەو ژنە سەلمێندرا بەلام پوورە رۆیات ئەوپەری تالی و سترێسی ژیانی ژنێکی بە ناحەق تاوانبار کراوی لە چاوەکانیدا دی کاتێک کە قسەی ناحەقی خەلک لە بەردەکانی بەردەبارانی ئیحتمالی ئازاری زیاتر بوو. پوورە رۆیات گەورەتر بوو زانی تەنانەت رۆژی دوو جار سوار تاکسی بوون بۆ ژن جۆرمە، تاوانێکی زۆر قورس...

پوورە رۆیات گەورەتر بوو، ئەو زولمانەی پێ قبوول نەدەکرا. بۆی هەزم نەدەبوو چۆن دەبێ ژنێک وەک ئینسانێکی قەوی لە بنەمالەکەیدا پەروەردە بکرێ بەلام کۆمەلگا بە زۆر بیهەوێ بیکات بە ژنێکی زەعیف و ترسەنۆک و کۆیلە. پوورە رۆیات کاتێک  کتێبی «جنسی دووەم»ی سیمۆن دوباری خوێندەوە جوان جوان لەو رستە تێدەگەیشت کە «ژن، ژن لە دایک نابێ، کۆمەلگا دەیکات بە ژن.» 
سلێنا گیان، پوورت بەو پەری عوسیان و سەرکەشییەوە ملی بەرز رادەگرێ و دان پێدا دەنێ کە موجریم و تاوانبارە. هەم خۆشروو بوو و دەم بە پێکەنین، هەم ساندویچی خوارد، هەم بە تەنیا سوار تاکسی بوو، هەم لە جیاتی دووچەرخە سواری، لە ماشین خوڕا و بەربەستی رانندگی ژنانی لە بانە شکاند. پوورت تازە چەن قەیەمی ئەولاتر نا. خۆی لە هیچ پیاوێک بە کەمتر نەزانی بگرە باوەریشی بوو لە زۆر پیاوی دەورووبەری قەویترە. بە تەنیا چوو لە زانکۆی شارێکی دوور دەرسی خوێند. بوو بە دوکتۆر و گەرایەوە بانە. تازە نازانی چەن جنایەتکار بوو! هێشتا شووی نەکردبوو برۆشی هەلگرت و نیگا تیژەکانی ژنە دراوسێی بە هیچ گرت!!! داستان بەوەش کۆتایی نەهات. ئەم پوورە تاوانبارەت دەستی برد بۆ قەلەم و ئازارەکانی ژنی کوردی نووسی. تەنانەت بە خۆی ئیجازەی دا وێنەی لە پای وتارەکانی چاپ ببێ! تاوانێک کە مەلای سازمانی ئیرشادی شێت کردبوو کە چۆن وێنەی ژن چاپ دەکەن و تازە بەدحیجابیشە!!!
پوورت رێبواری پر لە عوسیانی رێگایەک بوو کە ژنانی پێش جیلی خۆی بە رچەشکێنییەکانیان کەم کەم برێک خۆشیان کردبوو. لە داستانی خەیالیی عوسیانی دایە حەوا و دەست بردن بۆ دارە سێوەکەوە بیگرە تا هیمەتی سەیزایە بۆ ئەوەی دەستی لە گیرفانی خۆیدا بێت. لە ساندویچەکەی ئەختەر کە نۆشی گیانی بێ، تا ژنە کتێب خوێنەکەی ناو تاکسی و زۆر داستانی تری ژنانی بانە کە لەم کورتەدا نەگونجاوە. 
ژنانی جیلی پوورت رێگاکەیان کەمێ زیاتر کوتا و نەختێک سافتریان کرد. ئیستا لە ماشین خوڕان، دەرس خوێندنی ئاستی بالا بە تەنیا لە شارێکی تر، سەفەری ژنان بۆ شارەکانی تر، دەمووچاو و برۆ هەلگرتنی پێش پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، نووسینی ژنان و بلاو کردنەوەی وێنەی ژن و … یا جورم و تاوان نیە یا خود جورمەکەی کەمترە. هەرچەن هێشتاش ئازاری ژنان بەردەوامە و تا گەیشتن بە مافی ئینسانی و تەواو یەکسانی ژن و پیاو و هەروەها کورد و نەتەوەکانی تر، رێگایەکی زۆر دوور و درێژمان لەبەرە، بەلام دلنیام جیلی دوای من کە پێش تۆیە، جیلی خوشکەزا ئەزیزەکانم نیوشا و نیلا، بۆ تۆی خۆشتر دەکەن. هیوادارم نۆرەی تۆ هات ئیتر کاتی ئاسفالت کردنی هاتبێ. 

سێلێناکەم، لە گشت جوانیەکانی روومەتت جوانتر ئەو مشتەیە رۆلەم.  قەوی بە برازا شیرینەکەم. قەوی بە...

۱۳۹۴ فروردین ۱۵, شنبه

وتوووێژێک بە زمانی ئینگلیسی لەگەل بەشی ئینگلیسی رۆناهی تیڤی لەسەر سەفەری یەکەم مەقامی رەسمی رۆژئاڤا بۆ ئەمریکا
ئەگەر فایلی سەرەکیم بۆ بنێرن ژێرنووسی کوردی بۆ دادەنێم بۆ ئەو هاورێیانەی کە ئینگلیسی نازانن. 

خودسوزی زنان در سنندج به زبان کوردی

تەواوی گولە سووتاوە پەرپەرەکانی کورد، سەر هەلێنن. خوشکانتان لە کوبانی حیماسە دەخولقێنن. ژنی کورد بە وتەی هاوسەرۆکی ئەنجۆمەنی گەل لە کوبانی کە دوێشەو پێێ وتم، دەچێت کە رێبەرایەتی ئازادی ژنی رۆژهەلاتی ناڤین بکات. گولە سووتاوەکان سەرهەلێنن. پیاوسالاری روو لە تەسلیمە. گولە تازەکان خۆتان مەسووتێنن. پێوەستی خەباتی ژنی کورد بۆ ئازادی بن. قەفەس بشکێنن. خۆسووتاندن رێگای ئازاد بوون نیە.  https://zanantv.net/blog/2012/11/27/خودسوزی-زنان-در-سنندج-به-زبان-کوردی/

۱۳۹۳ دی ۲۹, دوشنبه

مۆزاحمەت بۆ ژنان، دیاردەی سادراتی خیابانەکانی ئێران بۆ کۆبانی؟!


ئیجادی مۆزاحمەت و مەتەلەک وتن بە ژنان زۆر دیاردەیەکی قێزەونە. ئەگەریش ئەو کارە سادر بکرێ بۆ کوبانی خۆراگر، سەد چەندان قێزەونتر دەبێ