۱۳۹۳ مهر ۳۰, چهارشنبه

لە دایەگەورە بانەییە سەحابە کوژەکانمەوە تا ئامۆزاکانی کوبانیم!

بانە، هەزار و چوارسەد سال لەمەوبەر:
عەرەبەکان بە مەبەستی پەرەپێدانی ئیسلام لە دەروازەی جەلەولاوە تێپەر بوون و هێرشیان کردۆتە سەر بانە.
ئابا و ئەژدام نایانەوێ سەردانەوێنن و خاک و نیشتمانیان تەسلیمی کەسانێک بکەن کە سەری ژن و پیاو دەبرن، زیندوەکان بە کۆیلەتی و کەنیزی دەگرن، مال و مووناتیان تالان دەکەن و دەیبەن.
شەرێکی قورسە. ژنانی بانە لە پێش هەموانەوە بوێرانە خەریکی شەرن. دەوترێ عەرەبەکان لێیان دەترسن و بە هێزی شەرڤانییان سەرسامن.
ژنە بانەیی زۆر لە هێرشبەرانی عەرەبیان کوشتوە. 
ئەگەرچی بانە لە کۆتاییدا دەرووخێ و دژمن داگیری دەکات، بەلام ناوی ژنانی ئازای بانە وەک ژنانی دلێری سەحابە کوژ بلاو دەبێتەوە و چیرۆکی ئازایەتیان جیل بە جیل دەگێردرێتەوە.
دەشت و کێوی بانە بە خوێنی عەرەبە هێرشبەر و داگیرکەرەکانەوە سوور ببو بەلام مەیتەکانیان دوای ئەو مامەلە، لەو دەشت و کێوانەدا دەنێژرێ و گۆرەکانیان دەکرێ بە زیارەتگای ئەسحاب. ئالایی سەوز و سپییان پێوە هەلدەواسرێ و رێزیان دەگیردرێ. هەنووکەش خەلکانێک دەچن بۆ زیارەتیان و دوعا دەکەن و ئەگەر ئاوات و ئارەزوویەکیان هەبێ، بەردە وردە دەچەسپێنن بە کێلی قەبری ئەو داگیرکەرانەوە. 
چی بەسەر دایەگەورە ئازاکانمانەوە دێ؟ حازر دەبن بکوژرێن و لەت و پەت بن بەلام بە هیچ جۆرێک سەر دانەنوێنن. بەداخەوە لە کۆتاییدا و دوای ئەو مامەلە، مەیتی داگیرکەران ئازیز دەبێ و مەیتی ژنانی ئازای بانە لە گۆری بێ ناونیشاندا دەنێژرێ و خەلک هان دەدرێن کە تفیان لێ بکەن و بەر بەردیان بدەن چونکا ئەوانە گاور بوون!!! ئەم کارە ناحەزە ماوێکی زۆر بەردەوام دەبێ تا کۆتایی پێ دێ و فەرامۆش دەکرێ.
ئەو کات نە ئینتەرنێت بوە و نە سۆشیال میدیا و مۆبایلی کامێرا دار کە وێنەی ئازایەتی و بەرخۆدانی ژنە بانەیی بلاو بکرێتەوە و جیهانی پێ سەرسام بکرێ. بەلام داستانی دایەگەورەکانم جیل بۆ جیل دەگێردرێتەوە. سەحابەکوژیش دەبێ بە ناو و ناتوورەی بانەییان و پێمان دەلێن بانەیی سەحابە کوژ!
ئەگەرچی دایەگەورەکانم لە گۆری سادە و ساکاردا خەوتوون و ئێسک و پروسکیان نەماوە بەلام دلنیام رۆحی یاخی و سەرکەشیان سەربەرزە. ئەو جینەی لە خوێنی ئەواندا بوە ئیمرۆ لە دەمارەکانی کچانی کوبانیدا دەگەرێ. ریشەی بوێری و ئازەیەتیان لە خاکی بانەوە هەر رواوە و رواوە تا گەیشتۆتە کوبانی و ئامۆزا داعش کوژەکانم لەو شارە مەزنە.

کوبانی، ئیمرۆ، سالی ۲٠۱٤ی زایینی
داعش بۆ دامەزراندنی خەلافەتی ئیسلامی هێرشی کردۆتە سەر کوردستان.
خوشکەکان و ئامۆزاکانم لە کوبانی نایانەوێ سەردانەوێنن و خاک و نیشتمانیان تەسلیمی کەسانێک بکەن کە سەری ژن و پیاو دەبرن، زیندوەکان بە کۆیلەتی و کەنیزی دەگرن، مال و مووناتیان تالان دەکەن و دەیبەن.
!شەرێکی قورسە. ژنانی کوبانی لە پێش هەموانەوە بوێرانە خەریکی شەرن. دەوترێ داعشەکان لێیان دەترسن و بە هێزی شەرڤانییان سەرسامن
ژنە کوبانی زۆر لە هێرشبەرانی داعشیان کوشتوە. 
ژنانی ئیمرۆی کوبانی، دایەگەورەکانی جیلی داهاتوون کە چیرۆکی ئازایەتی و بوێرییان نەک هەر جیل بۆ جیل دەگێردرێتەوە بەلکوو لە سایەی هەبوونی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیا  و مۆبایلی کامێرادارەوە، لە مێژوودا تۆمار دەکرێ. 
هەرچەن ولاتانی دراوسێ و زلهێزەکان مانگێک زیاترە خۆیان مت داوە بەشکم کوبانی برووخێ و میدیاکانیان دایمە دەنووسن «کوبانی لە لێواری رووخاندا»، بەلام کوبانی نارووخێ. دلنیام ژنی داعش کوژی کوبانی کاری ناتەواوی دایەگەورە سەحابە کوژی بانەیی بە ئاکام دەگەیەنێ. ژنی کوبانی ریشەی کۆیلەتی و نایەکسانی جنسییەتی بنبر دەکا و ناهێلێت چی لەوە زیاتر ژن بچەوسێتەوە و بە نزم داندرێ. ژنی کوبانی راپەرینێکی مەزنی ژنانە لە رۆژهەلاتی ناڤین و لە جیهاندا وەرێدەخات. 

لە دایەگەورە سەحابەکوژەکانم لە بانەوە هەزاران سلاو بۆ ئامۆزاکانم لە کوبانی. سلاوێک بە درێژایی هەزار و چوارسەد سالی هیجری قەمەری...
http://kchiarbaba.blogspot.com/2014/10/blog-post_22.html



هیچ نظری موجود نیست:

ارسال یک نظر